گفتوگۆی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم تائێستا بەردەوامە و  لایەنەکان نەگەیشتونەتە رێککەوتنی کۆتایی، بزوتنەوەی گۆڕانیش رایدەگەیەنێت، ئەگەر وەزارەتی ناوخۆیان پێنەدرێت بەشداری حکومەت ناکەن.

د. ئاکۆ حەمەکەریم، ئەندامی لیژنەی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان بە سایتی سبه‌ی سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی  راگەیاند: "تائێستا گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەت بەردەوامە، ئێمەش وەک بزوتنەوەی گۆڕان لە دانوستانەکاندا داوای ئیستحقاقی خۆمان کردوە، وەک دوەم هێزی براوەی هەڵبژاردنەکان".

سەبارەت بەو لێداوانانەی لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ لە لایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەردرێت، د. ئاکۆ وتی: " وەزارەتی ناوخۆ بە بەشێک لە ئیستحقاقی خۆمان دەزانین، پێشتریش بەلایەنی بەرامبەرمان راگەیاندوە وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ لەلایەنی ئێمەوە هێڵی سورە و ئەگەر ئەو وەزارەتمان پێنەدرێت، ئەوا بەشداری حکومەت ناکەین".

سەبارەت بە دوا بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕانیش لەسەر بەشداریکردن لە حکومەتدا، ئەو ئەندامەی لیژنەی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان وتی: "ئۆپۆزسیۆنبوون بۆ ئێمە ئەگەرێکی کراوەیە، چونکە هێزی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگدەران و جەماوەرەکەیەتی، جەماوەری گۆڕان بەشداریکردنمان بە لاوازی و کەمتر لە ئیستحقاقی خۆمان قبوڵ ناکات، بۆیە بە هەموو نرخێک بەشداری حکومەت ناکەین".