ئەوانەی زۆر بێدەنگن و زمانیان پاكە

ئەوانەی زۆر بێدەنگن و زمانیان پاكە
>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>
رۆژێك لوقمانی حەكیم بەكوڕەكەی دەڵێت: ئەمڕۆ هیچ مەخۆ و بە رۆژوو بە، بەڵام هەرچی بەزمانتدا هات بینووسە و هەرشتێكیش دەنووسی شەو بۆم بخوێنەرەوە. دوای ئەوەی بۆم دەخوێنیتەوە ئینجا رۆژوەكەت بشكێنە و نان بخۆ. كوڕەكەی دەستی كرد بەو كارە. بەڵام كاتێك بەخۆی زانی رۆژ بووەوە و ئیتر دیسان نەیتوانی نان بخوات و نیەتی هێنایەوە بۆ رۆژی دووهەم .. رۆژی دووهەمیش هەمان كاری دووبارەكردەوە .. رۆژی سێهەمیش بەهەمان شێوە هەموو ئەوەی وتبووی دەینووسی و شەو تا خوێندنەوەكەی تەواو دەكرد دیسان رۆژ دەبووەوە و بەناچاری نیەتی دەهێنایەوە تا رۆژێكی تر بەرۆژوو بێت .. یانی چوار رۆژ لەسەریەك نانی نەخوارد و بەرۆژوو بوو .. چون بەس فریای ئەوە دەكەوت قسەكانی خۆی بنوسێتەوە و شەو بۆ باوكی بگێڕێتەوە .. ئیتر رۆژی چوارەم هیچی نەوت .. شەو باوكی داوای لێكرد نوسینەكانی بهێنێت تابزانێت ئەمڕۆ چی وتوە بۆی بخوێنێتەوە؟
كوڕەكەی وتی: ئەمڕۆ هیچم نەوتوە تابینوسم و بیخوێنمەوە بۆت. ئەمرۆ زمانیشم بەرۆژ و بێدەنگ بوو.
لوقمانی حەكیمیش وتی: هەڵسە بڕۆ نان بێنە و تێر بخۆ، بەڵام بزانە، ئەوانەی زۆر بێدەنگن و زمانیان پاكە. لەرۆژی دواییدا. وەك ئەم ئێوارەیەی تۆ شتی خۆش دێتە بەردەمیان.